ماف و پڕۆسەکان بۆ منداڵانی تەنیا

هەرکەسێک لە تورکیادا تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت بە منداڵ هەژماردەکرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە هەموو کەسێک لە خوار ١٨ ساڵەوە دەتوانێت سوودمەندبێت لەو ماف و خزمەتگوزارییانەی کە لە یاساکانی تورکیادا بە منداڵان دراوە. لەو شوێنانەی کە وشەی “منداڵ” یان “خوار تەمەنی یاسایی” دەبینیت، ئەمە ئاماژەیە بۆ هەر کەسێک کە تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوەیە..

ئەگەر منداڵێک بەبێ دایکی، باوکی، سەرپەرشتێکی پێگەشتوو یان خزمێکی دیکە گەیشتبێتە تورکیا؛ یاخود لە دوای هاتنیان بۆ تورکیا پەیوەندییان بە منداڵەکەوە نەمابێت، ئەوا ئەو منداڵە بە “منداڵێکی بێ سەرپەرشت” ناو دەبرێت. هەموو منداڵان بەبێ گوێدانە نەتەوە، ئایین، ڕەگەز، یان هەر تایبەتمەندییەکی دیکە، دەتوانن لەو ماف و خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش بە منداڵان دەکرێن لە تورکیا  سوودمەند بن.

وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی (بە تورکی:  Aile ve Sosyal Politikalar Bakanlığı) دەزگای فەرمیی بەرپرسیارە لە پاراستنی مافی منداڵان لە تورکیادا.  کاتێک منداڵان بە بێ یاوەر دەستنیشاندەکرێن، لەلایەن وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە شوێنی گونجاوی مانەوەیان بۆ دابیندەکرێت بەشێوەیەک لەگەڵ تەمەن و جێندەریاندا بگونجێت و لەلایەن وەزارەتەوە بەڕێوەدەبرێن. ئەوان دەتوانن لە یەکەی داڵدەدان بمێننەوە هەتا تەمەنیان دەگاتە ١٨ ساڵ.  ئەو منداڵانەی لە یەکەکانی داڵدەداندا دەژین هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانیانی وەک خۆراک، تەندروستی، پەروەردە، و جل و بەرگیان بەخۆڕایی بۆ دابیندەکرێت. ئەم دامەزراوانە بە فەرمی بە ناوەندەکانی پاڵپشتی منداڵان ناودەبرێن (بە تورکی: Çocuk Destek Merkezleri)، بەڵام زۆرجار بە “یەکەی داڵدەدان”، “دامەزراوەکان” و “بەشە ناوخۆییەکانیش” ناودەبرێن.

 کاتێک بەرپرسانی حکومی پەیوەندیدار یان ستافی ڕێکخراوە ناحکومییەکان تۆیان هێنایە بەردەمیان، ڕێکارەکانی دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا تۆ منداڵێکی بێ سەرپەرشتیت یاخود نا، لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسەوە ئەنجام دەدرێت کە پسپۆڕن لە کارکردن لەگەڵ منداڵاندا. بە پشتبەستن بە پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەکانت، وەک پاسپۆرتەکەت، بەڵگەنامە(کان)ی ناسنامە و بڕوانامەی لەدایکبوونت، ئەفسەرانی پۆلیس تەمەنت دیاریدەکەن. بۆ ئەوەی بڕیاربدەن کە ئایا تۆ سەرپەرشتت هەیە یان بێ سەرپەرشتیت ،ئەفسەرانی پۆلیس سەبارەت بە شوێنی خێزانەکەت، چۆن و کەی لێیان جیا بوویتەوە چەندین پرسیارت لێدەکەن و، ئەفسەرانی پۆلیس ئەم زانیاریانە تۆمار دەکەن. ئەگەر هیچ گومانێک لەوەدا نەبێت کە ئایا لە ڕاستیدا تەمەنت لە خوار ١٨ ساڵەوەیە و بێ سەرپەرشتیت یاخود نا ، ئەوا ئەفسەرانی پۆلیس لە چەند پشکنینێکی پزیشکیدا، لەوانە پشکنینێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا تۆ هیچ نەخۆشییەکی گوێزەرەوەت هەیە یان نا، یاوەریت دەکەن. لە کۆتایی ئەم ڕێکارانەدا دەبرێیتە دامەزراوەیەکی مانەوە کە لەگەڵ تەمەن و جێندەرەکەتدا بگونجێت.

ئەگەر هیچ بەڵگەنامەیەکت نەبێت بۆ سەلماندنی تەمەنت، ئەگەر دەسەڵاتداران پێیان وابێت کە تۆ لە ١٨ ساڵ زیاتر دەردەکەویت یان ئەگەر بەهۆی هۆکارێکەوە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تەمەنت وەک لە ١٨ ساڵ زیاتر تۆمارکرابێت، ئەوا ڕەنگە لەلایەن پۆلیسەوە هەڵسەنگاندنی تەمەنت بۆ بەپێویست بزانرێت. 

ئەم ئەفسەرانەی پۆلیس کە لەسەر کارکردن لەگەڵ منداڵاندا ڕاهێنانیان پێکراوە، لەگەڵت دەچنە نەخۆشخانەیەکی گشتی بۆ هەڵسەنگاندنی تەمەنت. گشت لایەنەکانی ئەم ڕێکارانەی ناسینەوەی تەمەن بێ بەرامبەرن: پێویست ناکات بۆ هیچ شتێک پارە بدەیت.

هەموو ئەو بەڵگەنامە فەرمیانەی کە لەگەڵ خۆت هێناوتن، وەک ناسنامەکەت، بڕوانامەی لەدایکبوون، پاسپۆرت، تۆماری خوێندنی پێشوو، یان هەر بەڵگەنامەیەک کە تەمەنت پیشان بدات، گرنگییەکی سەرەکییان هەیە بۆ ناساندنی تۆ وەک منداڵێک. لە حاڵەتێکدا ئەگەر نەتتوانیوە ئەم بەڵگەنامانە لەگەڵ خۆتدا بهێنیتە تورکیا، ئەگەر بتوانرێت،  بۆ ڕێکارەکانی ناسینەوە گرنگە کۆپی ئەسڵی یاخود وێنەی ئەو بەڵگەنامانە لە ئەندامانی خێزان یان خزم و کەسوکار وەربگریت.

ئەگەر تۆ نەتوانیت هیچ بەڵگەنامەیەکی ناسنامە پێشکەش بکەیت کە تەمەنت پیشان بدات، یان ئەگەر دەرکەوتنی جەستەیی تۆ ببێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتداران باوەڕیان بەوە هەبێت کە لەوانەیە تۆ تەمەنت ١٨ ساڵ یان زیاتر بێت، ئەوسا هەڵسەنگاندنی تەمەنت بۆ ئەنجام دەدرێت.

هەڵسەنگاندنی تەمەن بریتییە لە پشکنینێکی پزیشکی کە بۆ ناسینەوەی تەمەنت  بەکاردێت لە حاڵەتێکدا کە بەڵگەنامەیەکی فەرمیت نەبێت، وەک پاسپۆرت یان بەڵگەنامەی ناسنامە، کە تەمەنت پیشان بدات، یان ئەگەر گومانێک هەبێت کە تۆ زانیاری نادرووست لەبارەی تەمەنتەوە دەدەیت. ئەم هەڵسەنگاندنە لەلایەن پزیشکێک یان دەستەیەکی پزیشکانەوە کە لە نەخۆشخانەیەکدا کاردەکەن ئەنجامدەدرێت. 

جەستەی مرۆڤ، بەتایبەت گەشەکردنی ئێسک و ددانەکانت و ئەو گۆڕانکاریانەی لە کاتی پێگەشتنتدا ڕوودەدەن، یارمەتی پزیشکان دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی تەمەنت. باوترین شێواز کە هەڵسەنگاندنی تەمەن بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە تورکیا ئەنجام دەدرێت پشت بە هەڵسەنگاندنی گەشەی ئێسک دەبەستێت بە سەیرکردنی تیشکی xی ئێسکی مەچەکت. گشت هەڵسەنگاندن و پشکنینەکان، لەوانەش وەرگرتنی تیشکی x، بە شێنەیی و بە شێوازێک ئەنجام دەدرێن کە لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ئازار و زیانی بۆت نەبێت. ئەو پزیشکەی کە پشکنینت بۆ دەکات و تەمەنت هەڵدەسەنگێنێت پێویستە ئاگادارت بکاتەوە لە ئامانجی هەڵسەنگاندنی تەمەن و ئەو ڕێگایانەی بۆی دەگیرێتەبەر.

بە درێژایی ڕێکاری هەڵسەنگاندنی تەمەنت، ئەفسەرێکی پۆلیس کە لەسەر کارکردن لەگەڵ منداڵاندا ڕاهێنراوە و، لەحاڵەتی پێویستدا ،وەرگێڕێکت لەگەڵدا دەبێت. هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی ناسینەوە بێ بەرامبەرە: پێویست ناکات بۆ هیچ شتێک  پارە بدەیت.

پرۆسەی هەڵسەنگاندنی تەمەنی کەسێک بە باشی دەکرێت پرۆسەیەکی سەخت بێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، ڕەنگە هەندێک جار ئەو ئەنجامانەی کە وەریدەگریت هەڵە بن. گەشەی جەستەی مرۆڤ دەکرێت بە خێرایی جیاواز لە وڵاتە جیاوازەکاندا ڕووبدات، بە پشتبەستن بە کەشوهەوا و خۆراکە بەردەستەکان و هۆکارە بۆماوەییەکان. بۆ هەڵسەنگاندنی تەمەن پێویستە هەموو ئەم هۆکارانە لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام هێشتا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە لەسەر کاریگەرییەکانیانی گەشەی جەستەی مرۆڤ. جگە لەوەش، هەندێک جار هەڵسەنگاندنی تەمەن تەنها مەودای تەمەنی منداڵێک دەخەمڵێنێت، بۆ نموونە”لە نێوان ١٥ بۆ ١٧ ساڵ” ، نەک تەمەنێکی دیاریکراوی وەک ١٦ ساڵ و ٥ مانگ دەستنیشان بکات. لەم حاڵەتەدا ڕەنگە بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی کۆتایی پزیشکەکە، .تەمەنت بە شێوەیەکی جیاواز لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆت تۆمار بکرێت.

دەتوانیت تانە بدەیت لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی تەمەنت. لەم حاڵەتەدا، دەتوانیت لەو نەخۆشخانەیە نزیکبیتەوە کە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی تەمەنتی تێدا ئەنجامدراوە، یان دەتوانیت لە بەشی پزیشکی دادوەری دامەزراوەیەکی پزیشکی دیکە کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی تەمەن  پشکنینێکی جێگرەوە ئەنجامبدەیت. لە بەشی پزیشکی دادوەریدا هەڵسەنگاندنی تەمەن نەک تەنها لەسەر بنەمای گەشەکردنی ئێسک بەڵکو لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی جەستە بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامدەدرێت. لە کاتی تانەدان بەرامبەر ئەنجامی هەڵسەنگاندنی یەکەمی تەمەنت، هەبوونی پشکنینێکی گشتگیری وا یارمەتیدەرت دەبێت لە تانەدانت لە ئەنجامی پشکینینی تەمەنت. پاشان پێویستە ئەنجامی ئەم پشکنینە جێگرەوانە بخەیتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی پارێزگا، یاخود دادگا. گرنگە لەم جۆرە

 کەیسەدا ڕاوێژ لەگەڵ پارێزەرێکدا بکەیت بۆ ئەوەی هاوکارت بێت. ڕێکخراوی مافی پەنابەران لە تورکیا دەتوانێت سەبارەت بەم ڕێکارانە  ئامۆژگاریت بکات لە پرۆسەی تانەداندا وهاوکاریت بکات.

دەوڵەتی تورکیا پارێزگاری بۆ منداڵانی بێ یاوەر لە تورکیادا دابین دەکات. وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی (بە تورکی:  Aile ve Sosyal Politikalar Bakanlığı ) دەزگایەکی دەوڵەتە کە بەرپرسیارە لە پاراستنی تاکەکانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ. دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ منداڵانی بێ یاوەر لەلایەن وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییەکانەوە، زامنکردنی مافەکانیان، لەوانەش مافی نیشتەجێبوون، لەلایەن بەرپرسانی ناو دامەزراوەکەدا وەک بەشێک لە بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانیان کاری بۆ دەکەن. هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بێ سەرپەرشت پێشکەش دەکرێن، بە درێژایی پرۆسەی ناسینەوە و هەروەها دوای دابینکردنی شوێنی مانەوە، بێ بەرامبەرن..

منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و بێ سەرپەرشت لە ژێر چاودێری دامەزراوانەدا دەمێننەوە کە لەلایەن وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. کۆرپە و منداڵی تەمەن ٠-٧ ساڵ دەکرێت پێکەوە بمێننەوە. ئەگەر تەمەنت لە نێوان ٨ بۆ ١٧ ساڵدا بێت، بەپێی تەمەن و جێندەرەکەت لە شوێنێکی دیاریکراودا دەمێنیتەوە. کچان و کوڕانی تەمەن ٨ بۆ ١٢ ساڵ لە دامەزراوەیەکی دیاریکراودا دەمێننەوە، لەکاتێکدا کوڕانی تەمەن ١٣ بۆ ١٧ ساڵ و کچانی تەمەن ١٣ بۆ ١٧ ساڵ لە دامەزراوەی جیاوازدا دەمێننەوە.

لە پارێزگاکانی وەک ئەستەنبوڵ، کە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بێ سەرپەرشت بە شێوەیەکی بەردەوام دەبینرێنەوە، ڕەنگە سەرەتا داوات لێبکرێت کە بۆ چەند هەفتەیەک لە دامەزراوەیەکی کاتیدا بمێنیتەوە، پێش ئەوەی بگوازرێیتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنیتەوە تاکو تەمەنی ١٨ ساڵ .بەگشتی، 

لەگەڵ منداڵانی تر، کە لە نەتەوەی جیاوازەکانەوە هاتوون، لە شوێنی دیاریکراودا دەمێنیتەوە. هەر دامەزراوەیەک توانایەکی دیاریکراوی هەیە، بۆ نموونە، بە تێکڕا ٢٠ بۆ ٤٠ منداڵی کەم تەمەن دەتوانن لە یەک. 

دامەزراوەدا پێکەوە بمێننەوە. لەگەڵ ئەوەشدا توانا و بارودۆخی فیزیکی دامەزراوەکان دەکرێت لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاواز بێت.

هەر منداڵێکی کە لە دامەزراوەیەکدا دەمێنێتەوە “ڕاوێژکار”ێکی هەیە کە بەرپرسیارە لێی. ڕاوێژکارەکەت بەرپرسێکە کە لە دامەزراوەکەدا وەک دەروونناس یاخود مامۆستا کاردەکات. دەبێت نیگەرانییەکانت سەبارەت پێداویستییەکانت، هەر ئاڵنگارییەک کە لە دامەزراوەکەدا ڕووبەڕووت دەبێتەوە یان جۆری تری گرفت کە دەکرێت بێنە پێشەوە، لەگەڵ ڕاوێژکارەکەتدا باسی بکەیت. کاتێک لە دامەزراوەیەکدا دادەنرێت، ئاگادار دەکرێیتەوە لەوەی کە ڕاوێژکارەکەت کێیە و، بەزۆری ئەم ڕاوێژکارە ئاگادارت دەکاتەوە لە یاساکانی دامەزراوەکە و زانیارییە گرنگەکانی تر. جگە لە ڕاوێژکارەکەت، دەتوانیت ڕاوێژ بە پێگەشتوانی تریش بکەیت کە لە دامەزراوەکەدا کاردەکەن لەوانە مامۆستایان، بەرپرسان، پەرستاران، خزمەتکارانی پاککردنەوە و چێشتخانە، و کارگێڕانی دامەزراوەکە.

ئەو دامەزراوانەی کە تۆ و منداڵانی دیکەی بێ سەرپەرشت لێی دەمێننەوە، ئەو شوێنانەن کە لەگەڵ تەمەن و جێندەرتدا گونجاون و تێیاندا پێداویستییە سەرەتاییەکانت بۆ دابین دەکرێن. ئەم شوێنانە بۆ ئەوە دانراون کە لەکاتی مانەوەت لەوێدا  پشتگیری لە گەشەکردنی جەستەیی و دەروونی تۆ و هاوتەمەنەکانت بکەن. ئەم دامەزراوانە بۆ ئەوە نین کە هەست بە جۆرێک لە سنووردارکردن یاخود سزا بکەیت؛ بە پێچەوانەوە، بۆ پاراستن و پشتگیری ئێوە دابینکراون.

بەپێی یاساکانی تورکیا، ئەگەر تۆ وەک منداڵێکی بێ سەرپەرشت دەستنیشانکرایت، واتە تۆ تەمەنت لە ١٨ ساڵ کەمترە و هیچ ئەندامێکی خێزانەکەت لەگەڵتدا نییە. ئەو کاتە دەبێت ببرێیتە ژێر پاراستنی دەوڵەت. بەم پێیە، ئەگەر حاڵەتی تۆ وا بێت ئەوا دەبرێیتە ژێر چاودێری دەوڵەت لە یەکێک لە دامەزراوەکانیدا، وەک لە سەرەوە ڕوون کراوەتەوە. 

خۆ ئەگەر کەسێکت لە تورکیادا هەبێت، دەتوانیت لەگەڵ ئەندامێکی خێزانەکەت، خزمێک یان لەگەڵ خێزانێکی بەخێوکەردا بمێنیتەوە. لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا (مانەوە لە دامەزراوەیەک، لەگەڵ خزمێک، یان لەگەڵ خێزانێکی بەخێوکەر)، دەسەڵاتداران پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تۆ وەک منداڵێک هەڵسەنگاندنێک بکەن. ئەگەر داوای ژیان لەگەڵ خزمێک یان ئەندامێکی خێزانەکەت بکەیت لە تورکیادا، وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵسەنگاندنێک دەکات سەبارەت بە داواکارییەکەت و، پشکنینی بارودۆخی ژیانی خزمەکەت دەکات بۆ ئەوەی تێبگات کە ئایا ئەم ئەندامی خێزانە/خزمە دەتوانێت ئاگاداری تۆ بێت یان نا. تەنها دوای ئەوەی وەزارەت داواکارییەکەتی پەسەندکرد، دەتوانیت لەگەڵ ئەندامی خێزانەکەت یان خزمەکەت بمێنیتەوە. منداڵێکی بێ سەرپەرشت ناتوانێت بە تەنیا بژی؛ یان دەبرێیتە ژێر چاودێری دامەزراوەیەک، یان لەگەڵ خێزانێکی بەخێوکەر دادەنرێیت، یانیش ئەگەر بکرێت لەگەڵ ئەندامێکی خێزانەکەتدا.

ئەگەر خوشک و برای بێ سەرپەرشتت هەبێت،  بە پشتبەستن بە تەمەن و جێندەری خۆت و خوشک و براکانت، وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵسەنگاندنێک دەکات. وەزارەت وای پێباشترە، ئەگەر بکرێت، خوشک و براکان لە هەمان شوێندا جێگیر ببن. 

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، لە کاتێکدا کە کۆرپە و منداڵی ساوای مێینە و نێر و منداڵی ساوای تەمەن ٠-٧ ساڵ دەتوانن لە یەک شوێن پێکەوە بمێننەوە، کچان و کوڕانی تەمەن ٨-١٢ و ١٣-١٧ ساڵ لە دامەزراوە جیاوازەکاندا دەمێننەوە کە گونجاوە لەگەڵ تەمەن و جێندەریان. ئەگەر تەمەن و جێندەری خۆت و خوشک و براکانت ڕێگەی پێبدەن، دەتوانن پێکەوە بمێننەوە. ئەگەر نەتوانرا لەگەڵ خوشک و براکانتاندا پێکەوە لە یەک شوێن بمێنینەوە، ئەوا لە دامەزراوەیەکی نزیک لە یەکتر یان یاخود لە هەمان پارێزگادا جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام یەکتر ببینن.

وەک منداڵێکی بێ یاوەر، دەتوانیت  تا تەمەنی ١٨ ساڵی لە دامەزراوەکانی وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بمێنیتەوە ، دەبێت دوای ١٨ ساڵی شوێنەکە بەجێبهێڵیت. لە تورکیادا، تاکەکانی تەمەن ١٨ ساڵ و سەرووتر بە گەورەساڵ دادەنرێن و بەپێی ڕێکارەکانی ئێستا، چاوەڕوان دەکرێت پەناخوازانی گەورەساڵان شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان دابینببکەن. بە واتایەکی تر، پەناخوازانی گەورەساڵان خانوو یان شوقەیەک بۆ خۆیان بەکرێ دەگرن، ئەوانیش بژێوی ژیان و پێداویستییەکانی خۆیان دابین دەکەن.

وای تەمەنی ١٨ ساڵیت، ئەگەر پێویستت بە ئەوە بوو لە ناو دامەزراوەکاندا بمێنیتەوە بە مەبەستی بەردەوامبوون لە خوێندنەکەت یان لەبەر هەر هەلومەرجێکی تایبەت، ڕەنگە لە حاڵەتی دەگمەندا بتوانیت بەردەوام بیت لە مانەوە بۆ ماوەیەکی کورت یان درێژ. لێرەدا مەبەست لە هەلومەرجی تایبەت حاڵەتگەلێکە وەکوو گەشتن بە 18 ساڵ پێش ئەوەی بڕیاربێت تورکیا بەجێبهێڵیت، (بۆ نموونە بۆ یەکگرتنەوەی خێزان) لە چەند هەفتەیەکی کەمدا، هەربۆیە ناتوانیت پێش ئەوەی تورکیا بەجێبهێڵیت یان بە تەنیا لە شوێنێکدا نیشتەجێ ببیت، یان ئەگەر بەدەست حاڵەتێکی تەندرووستییەوە بناڵێنیت و پێویستت بە مانەوە بێت تاکو چاکدەبیتەوە. تەنانەت لەم جۆرە بارودۆخە دەگمەنانەشدا، توانای دامەزراوەکە و لە هەندێک حاڵەتدا بڕیارێک لەلایەن دادگاوە سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەت لە دامەزراوەکاندا گرنگە.

زۆربەی ئەو منداڵە بێ سەرپەرشتانەی لە دامەزراوەکاندا دەمێننەوە سەبارەت بە ژیانیان دوای تەمەنی ١٨ ساڵی  هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن، بەتایبەتی سەبارەت بەوەی لە کوێ دەژین، چۆن بژێوی ژیانیان بەدەستدەهێنن و ئەو ڕێکارانەی کە پێویستە ئەنجامی بدەن چین. زۆر ئاساییە گەر ئەم دڵەڕاوکێیانەتان هەبێت سەبارەت بە داهاتوو. ئەگەر هەر نیگەرانییەکی هاوشێوەت هەیە، دەتوانیت لەگەڵ ڕاوێژکارەکەت یان لەگەڵ ستافی تری دامەزراوەکەدا قسە بکەیت. هەروەها دەتوانن پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی مافی پەنابەرانی تورکیا بۆ منداڵان و لاوانی بێ یاوەر بە ژمارە تەلەفۆنی 

+90 549 510 52 06

تۆ و منداڵە بێ سەرپەرشتەکانی تر کە لە ژێر چاودێری دامەزراوەکاندان، دەتوانن بە خۆڕایی سوودمەند بن لە هەموو ماف و خزمەتگوزارییەکان.

وەک منداڵێکی کەم تەمەنی بێ سەرپەرشت، دەتوانیت سوودمەند بیت لە یارمەتییەکانی داڵدەدان، واتە لەوانەیە لە دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بمێنیتەوە تا تەمەنی ١٨ ساڵی. دۆخی دامەزراوەکان دەگۆڕێن، لە هەندێکیاندا دەکرێت ژوورێکی تایبەت بە خۆت هەبێت و لە هەندێکی تردا دەکرێت ژوورەکە لەگەڵ کەسێکی تری هاوتەمەنی خۆتدا بەشبکەیت. پێداویستییەکانی وەکو خواردن و جلوبەرگ لەم دامەزراوانەدا دابیندەکرێت بۆتان. جگە لەوەش پەرستارێک لەم دامەزراوانەدا ئامادەیە و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کێشە تەندروستییەکانتان دەکات و چاودێری دەکرێن گەر پێویستت بە چاودێری پزیشکی زیاتر بوو، دەتوانن لەگەڵت بێن بۆ نەخۆشخانەکان یان بۆ دامەزراوە تەندروستییەکانی تر.

وەک منداڵێکی بێ سەرپەرشت، دەتوانیت لە خوێندنەکەت  بەردەوام بیت لەکاتێکدا لە ژێر چاودێری دامەزراوەکەدایت.  بە ڕێنمایی ڕاوێژکارەکەت لەو شوێنەی تێیدا دەمێنیتەوە، دەتوانیت بەردەوام بیت لە خوێندنی فەرمی یان خوێندن لە ماڵەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ تەمەن و ئاستی خوێندنی پێشووت. ئەگەر لە دامەزراوەیەکدا دەژیت، لەوانەیە بڕێکی کەم لە پارەی گیرفان (دەرماڵە) وەربگریت، کە هەفتانە یان مانگانە پێتدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانیت هەندێک لە پێداویستییە تایبەتییەکانی خۆتی پێ دابین بکەیت. سەرەڕای ئەوەش، خولی زمان، چالاکییە وەرزشییەکان، سەیران و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەلایەن دەزگایەکەوە ڕێکدەخرێن بۆ ئەو منداڵە بێ سەرپەرشتانەی لەوێ نیشتەجێن.

منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بێ سەرپەرشت هەندێک مافی دیکەشیان هەیە. وەک منداڵێکی بێ سەرپەرشت، ئەگەر پێت وایە لە وڵاتی خۆت سەلامەت نابیت و ئەگەر ترسی گەڕانەوەت هەیە، دەتوانیت داوای مافی پەنابەری لە تورکیا بکەیت. بەپێی یاساکانی تورکیا، ناتوانرێت کەس بە منداڵ و گەورەشەوە بنێردرێتەوە بۆ شوێنێک کە ژیانی لێ دەکەوێتەوە مەترسییەوە. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر مافی داوای مافی پەنابەری لە تورکیا تکایە سەیری خوارەوە بکە.

 

٢٠ بۆ ٤٠ منداڵی خوار تەمەنی یاسایی پێکەوە لەو شوێنانەی کە بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بێ سەرپەرشت دابینکراون دەمێننەوە. هەندێک یاسا هەن کە ئاسانکاری دەکەن تا بتوانن بە سەلامەتی و ئارامی پێکەوە بژین و ئەم یاسایانە لەوانەیە لە دامەزراوەیەکەوە بۆ دامەزراوەیەکی تر جیاواز بن. ڕەنگە ئەم یاسایانە ڕێساکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە دامەزراوەکە، بەکارهێنانی شوێنە هاوبەشەکان، کاتی ژەمەکان، پاکوخاوێنی و بابەتەکانی تر بگرنەوە. لە کاتی چوونە ناو دامەزراوەکەدا، پوختەیەک لەم یاسایانە بۆت دابین دەکرێت. هەروەها دەتوانن سەبارەت یاساکان لەسەر بابەتگەلی تایبەت لە مامۆستاکانتان و منداڵەکانی تری ناو دامەزراوەکە زانیاری وەربگرن.

 گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە یاساکانی ئەو دامەزراوانەی بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بێ سەرپەرشت دانراون، بۆ سزادانت و سنووردارکردنی جووڵەت نین؛ بە پێچەوانەوە، ئەمانە شوێنێکن بۆ ئەوەی منداڵانی کەم تەمەنی بێ سەرپەرشتی وەک خۆت بە سەلامەتی بژین، بەشێوەیەک بتوانن دەستتان بە مافە بنەڕەتییەکانتان بگات، وەک هەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و خوێندن بۆ ئەوەی تۆ و هاوڕێ بێ سەرپەرشتەکانت بە سەلامەتی پێکەوە بژین، ئەم یاسایانە بۆ یارمەتیدانتان دانراون.

کارکردنی منداڵانی خوارتەمەنی یاسایی بێ سەرپەرشت پەیوەستە بە هەندێک یاسا سەبارەت بە دامەزراندنی بیانییەکان و دامەزراندنی منداڵان لە تورکیا..

یەکەم: بەدەر لە هەندێک حاڵەتی کەم، بەپێی یاسا پەیوەندیدارەکانی تورکیا کارکردنی منداڵانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ قەدەغەیە. هەروەها بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی لە تورکیا کار بکەن، دەبێت گشت بیانییەکان مۆڵەتی کارکردنیان هەبێت. کارکردن بەبێ مۆڵەتی کارکردن لە تورکیادا زۆر مەترسیدارە، چونکە ئەگەر لەکاتی کارکردن بەبێ مۆڵەتدا تووشی هەر کێشەیەک یان خراپەکارییەک بوویتەوە، ڕەنگە لە داواکاری و وەرگرتنی پاڵپشتی و پاراستن لەلایەن پۆلیس یان دەزگاکانی دیکەی حکومەتەوە ڕووبەڕووی گرفت ببیتەوە. جگە لەوەش ئەگەر بەبێ مۆڵەتی کارکردن کار بکەیت، لەوانەیە ڕووبەڕووی سزای جۆراوجۆر ببیتەوە، بۆ نموونە دەکرێت سزای ماددی بدرێیت.

بەپێی یاساکانی ئێستای تورکیا، خاوەنکار دەبێت داواکاری بۆ مۆڵەتی کارکردنی کارمەندێکی بیانی پێشکەش بکات.  دوای هەڵسەنگاندنی ئەو زانیاری و بەڵگەنامانەی کە لەلایەن خاوەنکارەوە پێشکەشی کراون، مۆڵەتی کارکردن لەلایەن وەزارەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە دەدرێت یان ڕەتدەکرێتەوە. لە حاڵەتێکدا تۆ بتەوێت کار بکەیت، پێویستە سەرەتا لەگەڵ ڕاوێژکارەکەت لە دامەزراوەکەدا باسی ئەم بابەتە بکەیت، چونکە تەنها خاوەنکارەکەت دەتوانێت داواکاری مۆڵەتی کارکردنت بۆ پێشکەش بکات ئەگەر لەلایەن ئیدارەی ئەو دامەزراوەیەی کە تۆ لێی دەمێنیتەوە ڕێگەی پێبدرێت. تکایە لە پۆرتاڵی زانیاری بۆ پەنابەران، سەیری زانیاری زیاتر بکەن لەسەر پرسی دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی کار لە تورکیادا.

 

باو نییە کە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بێ سەرپەرشت لە ژێر چاودێری دامەزراوەکاندا مۆڵەتی کارکردن وەربگرن و لە شوێنێکدا کار بکەن. کێشەکانی بەدەستهێنانی مۆڵەتی کارکردن بە لایەک، منداڵانی کەم تەمەنی بێ سەرپەرشت بە پلەی یەکەم هاندەدرێن بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن و  تەنها دوای تەواوکردنی خوێندنی پیشەیی یان ئەکادیمی، هاندەدرێن دەستیان بگات بە بازاڕی کار. ئەگەر سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە مافی خوێندن لە تورکیا پرسیارت هەیە، دەتوانیت. سەبارەت بە پەروەردە لێرەدا ڕاوێژ بکەیت، یان سەردانی بەشی پەروەردە بکە لە پۆرتاڵی زانیاری بۆ پەنابەران لە تورکیا.

ئەگەر تۆ لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی پیشەیی ناوت تۆمار کراوە و مەشقی کارکردن بەشێکە لە مەنهەجی قوتابخانەکەت، دەتوانیت بە هەماهەنگی نێوان قوتابخانەکەت و کارگێڕی دامەزراوەکەت مەشقەکەت تەواو بکەیت.

دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ ئەو دامەزراوانەی کە پێشتر لێی مابوویتەوە و بەبێ مۆڵەت جێتهێشتووە. بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە بچیتە نزیکترین بنکەی پۆلیسی منداڵان یان ڕاستەوخۆ بۆ ئەو شوێنەی کە پێشتر لێی دەمایەوە بۆ ئەوەی لە دامەزراوەکەدا ناوت تۆمار بکرێتەوە. ئەگەر دۆخت وەکو منداڵێکی بێ سەرپەرشت نەگۆڕابوو، واتە ئەگەر هێشتا تەمەنت لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت و بێ سەرپەرشتیت، دوای ئەنجامدانی پشکنینی تەندرووستی پەیوەندیدار، دەتوانرێت جارێکی دیکە بخرێیتە ژێر چاودێری دامەزراوەیەکەوە.

دەرچوونت بە بێ مۆڵەت لەو دامەزراوەیەی تێیدا دەژیت کارێکی مەترسیدارە. لەوانەیە تووشی کەسانی نیاز خراپ ببیت یان ناچار بیت لە بارودۆخێکی سەختدا بژیت. لەگەڵ ئەوەشدا دوای دەرچوونت بە بێ مۆڵەت لە دامەزراوەیەکدا، ناتوانیت چیدی بەردەوام بیت لە سوودمەندبوون لە مافەکانت وەک خوێندن، دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی، دەستڕاگەیشتن بە شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن، پارەی گیرفان و هتد. بۆیە جێهێشتنی دامەزراوەیەک بەبێ مۆڵەت هەم مەترسیدارە و هەمیش سەختە. ئەگەر دەتەوێت سەبارەت بە گەڕانەوەت بۆ پەناگەی پێشووت زانیاری زیاتر وەربگریت، دەتوانیت پەیوەندی بە هێڵی تایبەتی مافی پەنابەرانی تورکیاوە بکەیت بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت و منداڵانی بێ سەرپەرشتی پێشووتر بە ژمارە تەلەفۆنی: 

 +90 549 510 52 06

یەکگرتنەوەی خێزان بریتییە لە پرۆسەی گەڕانەوەت بۆ لای ئەندامانی خێزانەکەت لە وڵاتێکی جیاوازدا جێگیربوون بۆ ئەوەی لە یەک شوێندا پێکەوە بژین. بۆ ئەوەی یەکگرتنەوەی خێزانەکان ڕووبدات، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی کە ئەندامانی خێزانەکەت دەیانەوێت پێکەوە بژین، مۆڵەتی بدەن و ڤیزەی گەشت بۆ ئەو ئەندامانەی خێزانەکەت دەربکەن کە ئێستا لە دەرەوەی ئەم وڵاتە دەژین. ئەو مەرجانەی کە ڕێگا بە ئەندامانی خێزان دەدات یەکبگرنەوە و جۆری بەڵگەنامەکان کە پێویستن پێویستە بۆ داواکردنی یەکگرتنەوەی خێزان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە..

بەگشتی وڵاتان تەنها ڕێگە بە هاوسەرەکان (ژن و مێرد) دەدەن کە لەگەڵ یەکتردا یەکبگرنەوە و بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت تاکو لەگەڵ دایک و باوکیان یان دایک یان باوکیان یەکبگرنەوە. لە هەندێک وڵاتدا، ڕەنگە بتوانرێت منداڵانی کەم تەمەنی بێ سەرپەرشت لەگەڵ خوشک و برا بێ سەرپەرشتەکانیان یان خوشک و برا گەورەکانیان، یان خزم و کەسی پلە یەک (مام، خاڵ، داپیرە و باپیرە) یەکبگرنەوە. جگە لە پلەی پەیوەندییەکە، داهات و باری یاسایی ئەندامی یان ئەندامانی خێزانەکەت لەو وڵاتەی بۆی دەڕۆیت لەبەرچاو دەگیرێت..

دەتوانرێت لە کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەی بۆی دەڕۆیت، یان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان یان پارێزەرانی ئاگادار لەم ڕێکارانە زانیاری پێویست لەسەر یەکگرتنەوەی خێزان وەربگریت. هەروەها دەتوانیت پەیوەندی بکەیت بە ڕێکخراوی مافی پەنابەرانی تورکیا بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە یەکگرتنەوەی خێزان بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بێ سەرپەرشت لە ژمارە تەلەفۆنی:

+90 549 510 52 06

خوێندن لە تورکیا مافێکی بنەڕەتییە و هەرکەسێک بیەوێت درێژە بە خوێندن بدات لە هەر تەمەنێکدا دەتوانێت ئەو کارە ئەنجامبدات. وەک منداڵێکی بێ سەرپەرشت کە لە دامەزراوەی داڵدەدان دەمێنێتەوە، دەتوانیت بەردەوام بیت لە خوێندنەکەت. ئەگەر دەتەوێت بەردەوام بیت لە خوێندن، پێویستە لەگەڵ ڕاوێژکارەکەتدا لە دامەزراوەکە ئەم ویستەت باس بکەیت. 

لە تورکیا  دوو ڕێگا هەیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندن: ڕێگای یەکەم پێی دەوترێت “فێربوونی فەرمی” و ئاماژەیە بۆ پەیوەست بوون بە خولەکان لە پۆلێکدا لەناو قوتابخانەیەکدا لەگەڵ خوێندکارانی تر؛ و دووەمیان پێی دەوترێت “فێربوونی دوور”، کە خۆت لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئۆنلاینەوە کۆرسەکان وەردەگریت و دوای ئەوە تاقیکردنەوە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دەدەیت. 

ئەگەر. تەمەنت ٦-١٤ ساڵە، پێویستە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قوتابخانە تەواو بکەیت. ئەگەر تەمەنت ١٥ ساڵ و سەرووترە، تەنها لە ڕێگەی خوێندنی دوورەوە دەتوانیت خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو بکەیت. ئەگەر هەرزەکاریت و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیت تەواو کردووە و تەمەنت لە نێوان ١٤-١٨ ساڵدایە، دەتوانیت خوێندنی ئامادەیی بە شێوەیەکی فەرمی یان لە ڕێگەی فێربوونی دوورەوە تەواو بکەیت..

یەکەم هەنگاو بۆ درێژەدان بە خوێندن لە تورکیا ئەوەیە کە بزانیت لە چ ئاستێکدایت. گەر بەڵگەنامەیەک سەبارەت بە خوێندەکانی پێشووت پێشکەش بکەیت، بە تایبەت هەر تۆمارێکی قوتابخانە و ئەو پۆلەی کە دوایین جار تەواوت کردووە، زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو ئەفسەرانەی لەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنیتەوە کاردەکەن تا بتوانن ئاستت دیاریبکەن. هەروەها وەزارەتی پەروەردە تاقیکردنەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ دیاریکردنی ئاستی نمرەکانت لە ئەگەری ئەوەی نەتوانیت بەڵگەنامەی خوێندنی پێشووت پێشکەش بکەیت.

لە تورکیا زمانی پەروەردە تورکییە. ئەگەر هێشتا شارەزا نەبوویت لە زمانی تورکی لەوانەیە ڕەوانەی پۆلە تایبەتەکان بکرێت کە پێیان دەوترێت “پۆلەکانی هاوئاهەنگی “، کەx سەرەتا سەرنجت لەسەر فێربوونی زمانی تورکی دەبێت.  دوای یەک یان دوو وەرز لە ئامادەکاری زمانی تورکی دەتوانیت بۆ نمرەی گونجاو. بەردەوام بیت.

پێشمەرجی یەکەم بۆ وەرگرتنی خوێندنی زانکۆ لە تورکیا دەرچوونە لە قۆناغی ئامادەیی. ئەگەر خوێندنی ئامادەییت تەواو کردبێت و مەرجەکانی تری وەرگرتن لە زانکۆت جێبەجێ کردبێت، ئەوا دەتوانیت لە تورکیادا دەست بە خوێندنی زانکۆ بکەیت. یەکێک لە مەرجەکانی وەرگرتن بریتییە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خوێندکاری بیانی ( Yabancı Öğrenci Sınavı – YÖS ) و بەدەستهێنانی نمرەیەک کە لەگەڵ مەرجەکانی ئەو زانکۆیەدا بگونجێت کە حەز دەکەیت لێی بخوێنیت.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی زانکۆ لە تورکیا، تکایە سەیری بەشی پەروەردە بکەن لە پۆرتاڵی زانیاری بۆ پەنابەران لە تورکیا.

ئەگەر  بەهۆی شەڕەوە یان لە ترسی چەوساندنەوە ناتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتی خۆت، دەتوانیت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیادا باسی بکەیت کە ئارەزووی گەڕانەوەت بۆ وڵاتەکەت نییە. ئەم پرۆسەیە بە پێشکەشکردنی داواکاری پەنابەری لە تورکیا ناسراوە. داواکاری پەنابەری پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەری پارێزگا دەکرێت (بە تورکی: İlçe Göç İdaresi Müdürlüğü):

بەهۆی ئەو ململانێیەی کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لە سوریا بەردەوامە، حکومەتی تورکیا “پاراستنی کاتی” (بە تورکی Geçici Koruma) : دەداتە ئەو هاوڵاتییە سورییانەی کە دەگەنە تورکیا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​هاووڵاتیانی سووری لە کاتی داوای مافی پەنابەری لە تورکیا داوای پاراستنی کاتی دەکەن. ئەگەر تۆ منداڵێکی سوریی بێ سەرپەرشتیت، پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ناسنامەکەت لە سوریا یارمەتیدەر دەبێت لە کاتی داوای پاراستنی کاتی..

داواکاری پەنابەری کە لەلایەن ئەو کەسانەی لە وڵاتانی دیکەوە، جگە لە سوریا، دەگەنە تورکیا پێشکەش دەکرێن، پێی دەوترێت داواکاری بۆ “پاراستنی نێودەوڵەتی” (بە تورکی Uluslararası Koruma)). لەکاتی پێشکەشکردنی داواکاری پاراستنی نێودەوڵەتیدا، دەبێت بە وردی هۆکارەکان ڕوون بکەیتەوە کە بۆچی ناتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتی خۆت. ئەگەر هەتبێت، پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ناسنامە کە لەگەڵ خۆت هێنابێتت یارمەتیدەری دەسەڵاتدارانی کۆچبەری دەبێت و، دەبێت ڕوونی بکەیتەوە کە بۆچی ترسی گەڕانەوەت هەیە بۆ وڵاتی خۆت. 

ئەگەر دەتەوێت زانیاری دەربارەی ڕێکارەکانی تۆمارکردن بۆ پاراستنی کاتی یان پاراستنی نێودەوڵەتی وەربگریت؛ یان سەبارەت بە ڕێکارەکانی دوای تۆمارکردن، تکایە پەیوەندی بکەن بە مافی پەنابەرانی تورکیا بە ژمارە تەلەفۆنی:

+90 549 510 52 06

 

داوای مافی پەنابەری لە تورکیا، وەک لە سەرەوە ڕوون کراوەتەوە، واتە ناوتۆمارکردن بۆ پاراستنی کاتی ئەگەر تۆ ڕەگەزنامەی سوریات هەبێت و، ناوتۆمارکردن بۆ پاراستنی نێودەوڵەتی ئەگەر خەڵکی وڵاتێکی تر بیت جگە لە سوریا. 

دوای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پاراستنی کاتی یان پاراستنی نێودەوڵەتی لە تورکیا، مافی ئەوەت هەیە بە زۆر نەنێردرێتیەوە بۆ وڵاتی خۆت (دیپۆرت نەکرێیتەوە) لەکاتی پێداچوونەوە بە داواکارییەکەت هەتا دەگاتە بڕیاری ڕەتکردنەوە. بۆیە زۆر گرنگە ئەگەر ترست هەیە لە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆت بەهۆی شەڕ یان چەوساندنەوەوە، دەستبەجێ ڕێکارەکانی پەنابەری لە تورکیا دەست پێبکەیت.

بە هەمان شێوە ئەگەر تۆ لە ژێر پاراستنی کاتی یان پاراستنی نێودەوڵەتیدا ناوت تۆمار بکەیت، مافی ئەوەت هەیە بە شێوەیەکی یاسایی لە تورکیادا بمێنیتەوە، بە ناسنامەیەکی یان  یان بەڵگەنامەیەکی داواکاریی پاراستنی کاتی یان پاراستنی نێودەوڵەتی. هەتاکو ئەم بەڵگەنامە و ناسنامانە کاریان پێبکرێت، دەتوانیت بە شێوەیەکی یاسایی بەردەوامی بدەیت بە مانەوەت لە تورکیادا. 

جگە لەوەش، پاراستنی کاتی و پاراستنی نێودەوڵەتی توانای دەستڕاگەیشتن بە مافی جۆراوجۆری دیکەشت بۆ دابین دەکات:

ئەو سووریانەی تۆماری پاراستنی کاتی خۆیان تەواو کردووە دەتوانن بە خۆڕایی سوودمەند بن لە مافە سەرەتاییەکان، وەک دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی. هەروەها دەتوانن سوودمەند بن لە دەرفەتە بەردەستەکانی هاوکاری کۆمەڵایەتی، بەپێی دەرفەت و ئەولەویەتەکان. 

. داواکارانی پاراستنی نێودەوڵەتی و ئەوانەی هەڵگری پێگەی پاراستنی نێودەوڵەتین،  ئەگەر توانای پارەدانی چاودێری تەندروستی خۆیان نەبێت، دەتوانن  بۆ ماوەی ساڵێک بە خۆڕایی سوودمەند بن لە چاودێری تەندروستی، کە لە بەرواری تۆمارکردنیانەوە دەستپێدەکات. چاوەڕوان دەکرێت تاکەکان دوای کۆتایی هاتنی ئەم یەک ساڵە خەرجییەکانی چاودێری تەندروستی خۆیان دابین بکەن، بەدەر لە حاڵەتی دەگمەن. بە هەمان شێوە تاکەکان، بەپێی دەرفەت و ئەولەویەتەکان، دەتوانن سوودمەند بن لە چاودێری تەندروستی بێبەرامبەر و لە هاوکاری کۆمەڵایەتی. هەروەها ڕەنگە خاوەنی پێگەی پەنابەرێتی مەرجدار و پەنابەرێتی یاریدەدەر، بە پشتبەستن بە پێگەی خۆیان،. دەستیان بە ماف و دەرفەتی زیاتر بگات. 

زۆرینەی ئەم مافانە (لەگەڵ هەندێک مافی تر) بە منداڵانی بێ سەرپەرشت دەدرێت بە هۆی تەمەنیانەوە، نەک پێگەی یاسایی تر. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەر تۆ منداڵێکی بێ سەرپەرشت بیت دەتوانیت سوودمەند بیت لە زۆرێک لە ماف و خزمەتگوزارییەکان، ئەگەر لێرەدا ئاماژەیان پێکرابێت یان نا، تەنانەت ئەگەر تۆ لە ژێر دەسەڵاتێکی پاراستنیشدا ناوت تۆمار نەکردبێت.

دوای ئەوەی چاودێری دامەزراوەکان جێدەهێڵیت، دەتواننیت ڕێکارەکانی خۆتۆمارکردن بۆ پاراستنی کاتی یان پاراستنی نێودەوڵەتی بگریتە بەر. لە ڕاستیدا، لە هەندێک بارودۆخدا،  ڕەنگە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکان بۆ ڕێکخستننی کۆچ داوای ئەوە بکەن کە ڕێکارەکانی تۆمارکردن و چاوپێکەوتن بۆ دیاریکردنی دۆخەکەت دوای تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو بکەیت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە وەک منداڵێک، ڕەنگە بە ئاسانی ترسی گەڕانەوەت بۆ وڵاتەکەت دەرنەبڕیت. 

ئەگەر تۆ پێشووتر کەسێکی خوار تەمەنی یاسایی بویتە (ئەگەر بەم دواییە تەمەنت بووە بە ١٨ ساڵ) و بەهۆی ترسی شەڕ و چەوساندنەوەوە ناتوانیت بگەڕێیتەوە وڵاتی خۆت و لە ئەنجامدا حەز دەکەیت داوای پاراستنی کاتی یان پاراستنی نێودەوڵەتی بکەیت، ئەوە زۆر گرنگە کە بە زووترین کات بە ڕێکارەکان هەستیت. ئەمەش لەبەرئەوەی پرۆسەی داواکردنی پاراستن مانەوەت لە تورکیادا بە یاسایی دەکات. بە واتایەکی تر ئەگەر دامەزراوەکە جێبهێڵیت و هەڵنەستابیت بە تەواوکردنی ناو تۆمارکردنەکەت، مەترسی ئەوەت لەسەر دروست دەکات مانەوەت لە تورکیادا بە نایاسایی لە قەڵەم بدرێت. 

ئەگەر تۆ منداڵێکی بێ سەرپەرشتیت و خەریکە تەمەنت دەبێتە ١٨ ساڵ و دامەزراوەیەک بەجێدەهێڵیت، پێویستە ئاگادار بکرێیتەوە لەو ڕێکارانەی کە پێویستە لە کاتی تەمەنی ١٨ ساڵیدا ئاگاداریان بیت؛ بە تایبەتی، سەبارەت بە ژیانی خۆت دوای جێهێشتنی چاودێری دامەزراوەکان و ئەو ماف و ئەرکانەی کە تۆ وەک منداڵێکی پێشووتر هەتە. دەتوانیت لە خوارەوە زانیاری زیاتر دەربارەی ژیان دوای جێهێشتنی چاودێری دامەزراوەکان بدۆزیتەوە.

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)  لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ەوە کۆتایی بە ڕێکارەکانی تۆمارکردن و دیاریکردنی پێگەی ئەو کەسانە هێنا کە داوای مافی پەنابەری لە تورکیا دەکەن. ئەگەر تۆ هاوڵاتییەکی سووریت و دەتەوێت خۆت بۆ پاراستنی کاتی تۆماربکەیت، یاخود هاوڵاتی وڵاتانی تریت و داوای پاراستنی نێودەوڵەتی لە تورکیا دەکەیت، پێویستە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاکان بۆ ڕێکخستنی کۆچەوە بکەیت لەو پارێزگایەی کە تێیدا دەژیت تاکو داوای پاراستن بکەیت..

زۆر گرنگە کە ئاگاداری ژیانی دوای تەمەنی ١٨ ساڵی بیت، بە تایبەت لە سەروبەندی بوونت بە ١٨ ساڵ، ئەو کاتەی چاوەڕوان دەکرێت شوێنەکەت بەجێبهێڵیت.  بە پلەی یەکەم دەتوانیت بە قسەکردن لەگەڵ ڕاوێژکارەکەت لەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنیتەوە، زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە وەربگریت. هەروەها دەتوانیت ڕاوێژ بە هێڵی گەرمی ئێمە بکەن بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بێ سەرپەرشت، کە لە ژمارە تەلەفۆنی بەردەستە:

+90 549 510 52 06

یەکێک لە بەپەلەترین و گرنگترین پرسەکان کە پەیوەندی بە ژیانی دوای تەمەنی ١٨ ساڵییەوە هەیە، پرسی شوێنی نیشتەجێبوون یان خانووبەرەیە. لە تورکیا چاوەڕوان دەکرێت پەناخوازانی گەورەساڵ و کۆچبەران ئاگاداری پێداویستییەکانی شوێنی نیشتەجێبوونیان بن.  وەک منداڵێکی پێشووتر کە چاودێری دامەزراوەکان جێدەهێڵێت، چاوەڕوان دەکرێت خانوو یان شوقەیەک لەو شارەدا بەکرێ بگریت کە پێشتر تۆمارت کردووە یان دەتوانیت ناوت تۆمار بکەیت بۆ پاراستنی کاتی یان پاراستنی نێودەوڵەتی. ئەگەر هێشتا ناوت تۆمار نەکردووە بۆ پاراستنی کاتی یان پاراستنی نێودەوڵەتی، دەتوانیت لەبارەی ئەوەی کە ئایا دەتوانیت بچیتە کوێ بۆ تەواوکردنی تۆمارکردنەکەت، لە ڕاوێژکاری ئەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنیتەوە یان لە بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاکان بۆ ڕێکخستنی کۆچ لە شارەکەت زانیاری وەربگریت. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، تەواوکردنی پاراستنی کاتی یان تۆمارکردنی پاراستنی نێودەوڵەتی مەرجی پێشوەختەیە بۆ مانەوەی یاسایی و دەستڕاگەیشتن بە ماف و خزمەتگوزارییەکانت لە تورکیا.

بەکرێدانی خانووو کڕینی مۆبیلیات و دابینکردنی خەرجییە جۆراوجۆرەکانی ماڵ دوای دەرچوون لە دامەزراوەیەک تێچووی زۆری دەوێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە تەمەنی خوار تەمەنی یاساییدا بووە و لە دەوروبەری هەمان کاتدا دامەزراوەیەک بەجێدەهێڵن، زۆرجار پێکەوە خانوویەک بەکرێ دەگرن و خەرجییەکانیان بەش بکەن. هەندێک دەرفەتی هاوکاری دارایی بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی پێشووتر کە دامەزراوەکان جێدەهێڵن هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە لە تورکیا بەردەوامن لە خوێندن. تکایە بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەو دەرفەتانە پەیوەندی بکە بە ڕێکخراوی مافی پەنابەران لە تورکیا.

وەک منداڵێکی پێشووتری خوار تەمەنی یاسایی، چاوەڕوان  دەکرێت بەرپرسیارێتی هەموو ڕێکارە فەرمییەکان بگرێتە ئەستۆ کە کاریگەرییان لەسەرت هەیە، هەروەها ژیانی تایبەتی خۆت دوای جێهێشتنی دامەزراوەکە بخەیتە سەر شانت. بەم پێیە، پێویستە خۆت بەدواداچوون بۆ هەموو ئەرکە کارگێڕییەکانت بکەیت، لەوانەش تەواوکردنی تۆمارکردنت لە بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاکان بۆ ڕێکخستنی کۆچ، ژیانکردنت لەو شارەی خۆتی تیادا تۆماردەکەیت و، واژووکردنی بەردەوام ئەگەر داوات لێکرا. پێویستە لەبارەی دەستڕاگەیشتنت بە مافی خوێندن و چاودێری تەندروستی بەدواداچوون بکەیت. هەمیشە دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ڕێکخراوی مافی پەنابەران لە تورکیا بۆ وەرگرتنی زانیاری و ئامۆژگاری سەبارەت بە ڕێکارەکانی کۆچ و پەنابەری، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە مافەکانی تر لە تورکیا.

ڕێکخراوی مافی پەنابەران تورکیا (RRT) ڕێکخراوێکی ناحکومییە و بارەگاکەی لە ئەستەنبوڵە. RRT سەربەخۆیە لە دەزگاکانی حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان. RRT زانیاری و ئامۆژگاری و پشتیوانی بێبەرامبەر پێشکەش بە بیانییەکان دەکات، بەبێ گوێدانە تەمەن و ڕەگەزنامە، سەبارەت بە ڕێکارەکانی پەنابەری لە تورکیا. بەم پێیە، RRT زانیاری و ئامۆژگاری و پشتگیری سەبارەت بە خۆتۆمارکردن و ڕێکارەکانی دواتر بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی کاتی و پاراستنی نێودەوڵەتی و هەروەها سەبارەت بە ناردنەوە و دەستبەسەرکردنی کارگێڕی و دەستڕاگەیشتن بە مافەکانی دیکە پێشکەش دەکات.

ڕێکخراوی مافی پەنابەران لە تورکیا بە ئەمانەتێکی توندەوە مامەلە لەگەڵ هەموو ئەو زانیاری و بەڵگەنامانە دەکات کە لەلایەن سوودمەندەکانیەوە لەگەڵیان بەش دەکرێن. ئەو زانیاری و بەڵگەنامانەی لەلایەن سودمەندانەوە بەش دەکرێن، بەبێ ڕەزامەندی ئاشکرا و دانپێدانانی سوودمەندان خۆیان، لەگەڵ کەسی سێیەم یان دامەزراوەکانی تردا بەش ناکرێن. 

ڕێکخراوی مافی پەنابەران لە تورکیا خزمەتگوزاری زێدەتر پێشکەش بە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی پێشووتر دەکات. ئەگەر تۆ منداڵێکی بێ سەرپەرشتیت یان منداڵێکی خوار تەمەنی یاسایی پێشووتریت، دەتوانیت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی تایبەتی RRT بکەیت لەسەر ژمارە تەلەفۆنی:

+90 549 510 52 06

لە نێوان کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٥ی. دەتوانیت بە زمانەکانی تورکی و ئینگلیزی و فەرەنسی و عەرەبی دەستت بە هێڵەکە بگات.

RRT یارمەتی منداڵانی بێ سەرپەرشتی خوار تەمەنی یاسایی دەدات لە دەستیشانکردنیان وەک منداڵی بێ سەرپەرشت و دانانیان لە دامەزراوە گونجاوەکاندا، لەوانەش یاوەریکردنیان بە درێژایی ئەم ڕێکارانە.

RRT سەرەڕای ئەوەش پشتگیری لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بێ سەرپەرشت دەکات لە داواکاری یەکگرتنەوە لەگەڵ خێزانەکانیان کاتێک ئەندامێکی یان ئەندامەکانی خێزانەکەیان لە وڵاتێکی سێیەمدا دەژین. ئەگەر تۆ منداڵێکی بێ سەرپەرشتیت یان منداڵێکی بێ سەرپەرشتی پێشووتریت، سەبارەت بە ڕێکارەکانی تۆمارکردنت یان هەر پرسیارێکت سەبارەت بە دەستڕاگەیشتنت بە مافەکانت لە تورکیادا هەیە دەتوانیت پەیوەندی  RRT بکەیت بە ەوە.

ئێمە کووکی بەکار دەهێنیت بۆ باشترکردنی گەیاندنی خزمەت و زانیاری لەم ماڵپەڕە. تۆ بەبەکارهێنانی ماڵپەڕەکەمان ئەمە قەبووڵ دەکەیت. بۆ وەدەستخستنی زانیاری زیاتر مەرجەکانی بەکارهێنان و ڕێبازی نهێنپارێزی ئێمە بخوێنەوە.