داواکاران و سودمەندانی پاراستنی نێودەوڵەتی، بە جێبەجێکردنی هەندێک مەرج، دەتوانن سوودمەند بن لە مافی خوێندن لە تورکیا. تۆ و منداڵەکەت دەتوانن دەستتان بگات بە خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و باڵا، هەروەها خولی زمانی تورکی و ڕاهێنانی پیشەیی ئەگەر داواکار یان سودمەندێکی پاراستنی نێودەوڵەتی بیت.

بۆ ئەوەی سوودمەند بیت لەو ماف و خزمەتگوزارییانەی کە لە چوارچێوەی پاراستنی نێودەوڵەتی لە تورکیا پێشکەش دەکرێن لەوانەش خوێندن، پێویستە داواکاری پاراستنی نێودەوڵەتی خۆت پڕبکەیتەوە. بۆیە بۆ چێژوەرگرتن لە مافی خوێندن بەبێ سنووردارکردن، پێویستە بەڵگەنامەی ناسنامەی داواکاری پاراستنی نێودەوڵەتی یان بەڵگەنامەی ناسنامەی سودمەندی پاراستنی نێودەوڵەتیت هەبێت کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبردنی کۆچبەری پارێزگاوە دەرچووە کە ژمارەی ناسنامەی بیانیی تۆی لەسەرە کە بە ‘٩٩’ دەست پێدەکات. ئەم ژمارەیە پێویستە بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنتان بە هەموو ئاستەکانی خوێندن و هەروەها بۆ خولەکانی زمانی تورکی و ڕاهێنانی پیشەیی. 

بەپێی یاسای ئێستا، هەموو منداڵان، بە منداڵانی داواکار و سودمەندی پاراستنی نێودەوڵەتی، مافی خوێندنی ناچارییان هەیە لە تورکیا. بۆیە منداڵەکەت کە تەمەنی قوتابخانەیە دەتوانێت بچێتە قوتابخانەی حکومی. 

 

خوێندنی ناچاری لە تورکیا ١٢ ساڵ دەگرێتەوە و سێ قۆناغی هەیە: ٤ ساڵ خوێندنی بنەڕەتی (پۆلی ١ و٢ و٣ و٤)، ٤ ساڵ ئامادەیی خوارو (پۆلی ٥ و ٦ و ٧ و ٨)، و ٤ ساڵ خوێندنی ئامادەیی سەروو (پۆلی ٩، ١٠، ١١ و ١٢). زمانی فێرکردن لە قوتابخانە حکومییەکان تورکییە. 

 

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر چۆنیەتی تۆمارکردنی منداڵەکەت لە قوتابخانەی دروست، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگا بکەن لە شاری نیشتەجێبوونتان.

بۆ ئەوەی منداڵەکەت لە قوتابخانەیەکی حکومیدا تۆمار بکەیت، پێویستە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ئەو قەزایە بکەیت کە لێی نیشتەجێیت. لە کاتی تۆمارکردندا، پێویستت بە بەڵگەنامەی ناسنامەی داواکاری پاراستنی نێودەوڵەتی خۆت و منداڵەکەت دەبێت یان بەڵگەنامەی ناسنامەی سودمەندی پاراستنی نێودەوڵەتی کە ژمارەی ناسنامەی بیانیی تۆی لەسەرە کە بە ‘٩٩’ دەست پێدەکات. بەو پێیەی ناونوسکردن لە قوتابخانەکان بە پشتبەستن بە شوێنی نیشتەجێبوونت ئەنجام دەدرێت، پێویستت بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی هەیە لە بەشی تۆماری دانیشتووان و شارستانی لە قەزاکەتدا کە ناونیشانی نیشتەجێبوونەکەت پیشان بدات. بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکە ڕەوانەی نزیکترین قوتابخانەی گشتی دەکات کە بەردەستە بۆ ناو تۆمارکردن. 

بەپێی نمرەکە، لەوانەیە داوات لێ بکرێت بەڵگەنامەی زیادە پێشکەش بکەیت کە ئامادەبوونی پێشووی قوتابخانە یان بڕوانامەی منداڵەکەت نیشان دەدات. ئەگەر ئەم بەڵگەنامانەتان نییە، کۆمیسیۆنی پەروەردەی قەزا کە لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگا یان قەزا دامەزراوە هەڵسەنگاندنی جێگیرکردنی نمرەکان ئەنجام دەدات. کۆمیسیۆنی پەروەردەی قەزاکە تاقیکردنەوەیەکی زارەکی یان نووسراو ئەنجام دەدات و دوای ئەم هەڵسەنگاندنە، منداڵەکەت دەخرێتە ئاستی پۆلی گونجاو.

ئەو خوێندکارانەی کە بە سەرکەوتوویی مەرجەکانی قوتابخانەی حکومییان بەجێهێناوە، مافی وەرگرتنی بڕوانامەیان هەیە. 

 

بەڵام ئەگەر منداڵەکەت وەک خوێندکاری میوان تۆمارکرابێت، لەوانەیە بڕوانامەیەک وەرنەگرێت. بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە گرفتێکی لەو جۆرە، تکایە لە زووترین کاتدا تۆماری پاراستنی نێودەوڵەتی منداڵەکەت تەواو بکە و کارگێڕی قوتابخانە لە تەواوکردنی تۆمارەکە ئاگادار بکەرەوە.

خوێندن لە هەموو قوتابخانە حکومییەکان بەخۆڕاییە.

ئەو منداڵانەی هەشت ساڵ خوێندنی ناچارییان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە، مافی ئەوەیان هەیە ناوی خۆیان تۆمار بکەن لە قۆناغی ئامادەیی. بۆیە گرنگە ئەو بەڵگەنامانەی کە ئامادەبوونی پێشووی قوتابخانە نیشان دەدەن پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگا یان قەزا بکرێت. 

 

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا هەڵسەنگاندن ئەنجام دەدات و ئاگادارتان دەکاتەوە لە ئەنجام و دانانی نمرە. دوای ئەم ئاگادارکردنەوە دەتوانیت منداڵەکەت لەو قوتابخانەیە تۆمار بکەیت کە تێیدا دانراوە. گرنگە لە کاتی پرۆسەی داواکاریدا بەڵگەنامەی ناسنامەی داواکاری پاراستنی نێودەوڵەتی یان سودمەند لەگەڵ خۆتدا هەبێت. 

 

ئەگەر هیچ بەڵگەنامەیەکت نییە کە ئامادەبوونی پێشووی منداڵەکەت لە قوتابخانە نیشان بدات، پێویستە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکە بکەیت. بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا هەڵسەنگاندنێک ئەنجام دەدەن بۆ بڕیاردان لەسەر ئاستی پۆلی گونجاو بۆ منداڵەکەت. بەپێی بڕیاری ئەم هەڵسەنگاندنە دەتوانیت ناوی منداڵەکەت تۆمار بکەیت. 

 

ئەگەر منداڵەکەت خوێندنی پێش ئامادەیی لە وڵاتێکی تر تەواو کردووە و دەتەوێت ناوی تۆمار بکەیت لە قوتابخانەی زانستی ئامادەیی (Fen Lisesi)، ئامادەیی زانستە کۆمەڵایەتییەکان (Sosyal Bilimler Lisesi)، قوتابخانەی پیشەیی ئایینی ئەنادۆڵ (Anadolu İmam Hatip Lisesi) یان ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکی ئەنادۆڵ (Mesleki ve Teknik Anadolu Lisesi)، منداڵەکەت پێویستی بە تاقیکردنەوەی سیستەمی چوونە ژوورەوەی ئامادەیی (LGS) هەیە. بۆ ئه نجامدانی ئه م تاقیکردنەوەیه پێویسته منداڵەکەت له پۆلی ٨ی قوتابخانەیەکی ناوەندی له تورکیا ناوی تۆمار بکرێت.

 

ئەگەر لە کاتی ناو تۆمارکردندا ڕووبەڕووی هەر کێشەیەک بوویتەوە، تکایە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگا (İl Milli Eğitim Müdürlüğü) یان بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا (İlçe Milli Eğitim Müdürlüğü) بکە لە ناوچەی نیشتەجێبوونت.

ئەو خوێندکارانەی کە بە سەرکەوتوویی مەرجەکانی قوتابخانە ئامادەیە حکومیەکانیان جێبەجێ کردووە، مافی وەرگرتنی بڕوانامەی ئامادەیییان هەیە. 

 

ئەگەر خوێندنی ئامادەیی لە تورکیا تەواو نەکردووە و بڕوانامەکەت/شەهادەکەت لەبەردەستتدا نییە، پێویستە لە ئامادەیی پەروەردەی کراوە (Açık Öğretim Lisesi) ناوت تۆمار بکەیت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی هاوتای خوێندنی ناوەندی. ئەگەر تەمەنت لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، تکایە پەیوەندی بکە بە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا (İlçe Milli Eğitim Müdürlüğü) لە قەزای نیشتەجێبوونت و داوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی جێگیرکردن بکە.

ئەگەر خوێندنی ئامادەیی لە تورکیا تەواو نەکردووە و بڕوانامە/شەهادەکەت لەبەردەستدایە، پێویستە بڕوانامەی هاوتابوون بەدەستبهێنیت بۆ دیاریکردنی هاوتابوونی بڕوانامەکەت لەگەڵ ئەوانەی کە لەلایەن دامەزراوەکانی خوێندنی ناوەندی لە تورکیا دەردەچن. بۆئەوەش سەردانی ماڵپەڕی https://edenklik.meb.gov.tr/ ی وەزارەتی پەروەردەی نیشتیمانی بکەن یان پەیوەندی بکەن بە بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی قەزا یان بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی پارێزگا لە ناوچەی نیشتەجێبوونتان.

وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانی هەلی خوێندنی دوور مەودا بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێنێت کە توانای تەواوکردنی خوێندنی ناوەندی یان ئامادەیییان هەبووە یان نەیانتوانیوە، خوێندنی دووری یان دوورمەودا بە مانای خوێندن لە ماڵەوەدێت و پێویست بە چوون بۆ خوێندنگا ناکات. هەروەها داواکاران یان سودمەندانی پاراستنی نێودەوڵەتی دەتوانن سوود لەم دەرفەتانەی خوێندن لە دوورەوە وەربگرن.

 

لە ئێستادا پێنج دامەزراوەی خوێندنی دوورمەودا هەیە: قۆناغی ناوەندی (Açık Öğretim Ortaokulu)، قوتابخانەی ئامادەیی (Açık Öğretim Lisesi)، قوتابخانەی ئامادەیی پیشەیی (Mesleki Açık Öğretim Lisesi)، ئامادەیی ئیمام هاتیپ ((İmam Hatip Açık Öğretim Lisesi)، و قوتابخانەی تەکنیکی و پیشەیی (Mesleki ve Teknik Açık Öğretim Okulu). زمانی فێرکردن و تاقیکردنەوە لەو قوتابخانانە تورکییە. 

 

بۆ قوتابخانە ناوەندییەکان کە خوێندنی دووری پێشکەش دەکەن، پێویستە خوازیار تەمەنی ١٤ ساڵ کەمتر بێت و پۆلی ٤ی بنەڕەتی تەواو کردبێت. بۆ ئەو خوێندکارانەی کە خوێندنی سەرەتایی لە دەرەوەی تورکیا تەواو کردووە، پێویستە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگاکانەوە بکەن لە شاری نیشتەجێبوونتان و بەڵگەنامەی هاوتاکردنتان وەربگرن. دوای ئەوەی بەڵگەنامەی هاوتابوونەکەت وەرگرت، دەتوانیت پەیوەندی بکەیت بە سەنتەری پەروەردەی گشتی، ئامادەیی پیشەیی یان ئامادەیی ئیمام هاتیپ لە قەزاکەت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری. ئەگەر ئاستی زمانی تورکی بەس نەبێت بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن، لەوانەیە داوات لێبکرێت ناوت تۆمار بکەیت بۆ خولێکی زمانی تورکی یان خولێکی خوێندنەوە و نووسینی تورکی. 

 

هیچ سنووردارکردنی تەمەنێک نییە بۆ ناو تۆمارکردن لە قوتابخانەی ئامادەیی، قوتابخانەی پیشەیی یان ئامادەیی ئیمام هاتپ کە خوێندنی دوورمەودای پێشکەش دەکات. بۆ ئەوانەی خوێندنی ناوەندییان لە تورکیا بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە، پێویستە بڕوانامەکەیان پێشکەش بکەن بۆ ناو تۆمارکردن. ئەوانەی خوێندنی ناوەندییان لە دەرەوەی وڵات تەواو کردووە پێویستە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگاکانەوە بکەن بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی هاوتا و تۆمارکردنیان بەو بەڵگەنامەیە پڕبکەنەوە. ئەوانەی خوێندنی ناوەندییان لە دەرەوەی وڵات تەواو کردووە پێویستە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگاکانەوە بکەن بۆ وەرگرتنی.

بەڵگەنامەی هاوتا و تۆمارکردنیان بەو بەڵگەنامەیە پڕبکەنەوە. هەروەها پێویستت بە بەڵگەنامەی ناسنامەی داواکاری پاراستنی نێودەوڵەتی یان بەڵگەنامەی ناسنامەی سودمەندی دەبێت لە کاتی تۆمارکردندا. دەتوانیت سەردانی سەنتەری پەروەردەی گشتی، ئامادەیی پیشەیی یان ئامادەیی ئیمام هاتیپ بکەیت لە قەزاکەت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری. لەوانەیە چاوەڕوان بکرێت ئەو خوێندکارانەی کە لە قوتابخانە پیشەییەکان یان ئامادەییەکانی ئیمام هاتیپ ناویان تۆمار کردووە و خوێندنی دوور پێشکەش دەکەن، بەشداری هەندێک لە خولەکانی ڕاهێنانی پیشەیی بکەن کە لە قوتابخانەیەکی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان پێشکەش دەکرێن. 

 

قوتابخانە پیشەیی و تەکنیکیەکان کە خوێندنی دوور پێشکەش دەکەن بۆ ئەو خوێندکارانەن کە خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە و حەز دەکەن شارەزایی پیشەیی و تەکنیکی بەدەست بهێنن. دەتوانیت بە بڕوانامەی قوتابخانەی سەرەتایی یان بەڵگەنامەی هاوتاکەتەوە سەردانی سەنتەری پەروەردەی گشتی بکەیت بۆ ناو تۆمارکردن. دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری پەیوەندی ١٤٧ی وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانی بۆ پرسیارەکانتان سەبارەت بە دەرفەتەکانی خوێندنی دوور لە قوتابخانە. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر مەرجەکان و ڕێکارەکانی ناو تۆمارکردن و پرۆگرامی خوێندن، تکایە سەردانی ماڵپەڕەکانی وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانی بکەن سەبارەت بە خوێندنی دووری: www.aol.meb.gov.tr  و www.maol.meb.gov.tr

 

ئەو بڕوانامەیەی کە لە قوتابخانە ئامادەییەکان کە خوێندنی دوور پێشکەش دەکەن ڕەچاوکراوە بە هاوتای بڕوانامەی ئاسایی ئامادەیی دادەنرێت. ئەگەر تۆ یان منداڵەکەت نەتتوانی یان ناتوانی بچنە قۆناغی ئامادەیی و بڕوانامەی ئامادەیی وەربگرن، دەتوانی تۆ یان منداڵەکەت لە قوتابخانەیەکدا ناوتان تۆمار بکرێت کە خوێندنی دوور بەواتای لەماڵەوە  خوێندن پێشکەشتان بکرێت. ئەگەر خوێندنە دوورەکەت بە سەرکەوتوویی تەواو کرد، لەوانەیە ئەو بڕوانامەیەی کە وەریدەگریت ڕێگەت پێبدات بەردەوام بیت لە خوێندنی باڵا.

ئەو کەسانەی کە داواکار یان سودمەندی پاراستنی نێودەوڵەتین دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن لە زانکۆکان ئەگەر هەندێک مەرجیان هەبێت. 

 

تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تورکیا پێویستە پێش ناو تۆمارکردن لە خوێندنی باڵا. ئەو خوێندکارانەی کە خوێندنیان لە قوتابخانە حکومییەکان یان لە قوتابخانەکانی خوێندنی دوور لە تورکیا تەواو کردووە، ئەم مەرجەیان جێبەجێ کردووە. بەڵام ئەوانەی دەرچووی دامەزراوەکانی دەرەوەی تورکیان یان ناتوانن پێشاندانی ئامادەبوونیان لە قوتابخانە پیشان بدەن، پێویستە لە ئامادەیی پەروەردەی کراوە (Açık Öğretim Lisesi) ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

 

هەموو ئەو بیانیانەی کە پێشتر لە تورکیا درێژە بە خوێندن دەدەن و دەیانەوێت لە زانکۆکانی تورکیا ناویان تۆمار بکەن، پێویستە تاقیکردنەوەی خوێندکارانی بیانی (YÖS) ئەنجام بدەن و دەربچن، کە لەلایەن زانکۆکانەوە ڕێکدەخرێت. لەوانەیە پێویست بێت بڕی پارەی داواکاری بدەیت بۆ ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوە.

 

بەڵام تاقیکردنەوەی YÖS لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە کۆتایی دێت و سیستەمی TR-YÖS (تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتیی وەرگرتنی خوێندکارانی تورکیا) لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەم سەنتەرە تاقیکارییە ناوەندی ئەنجام دەدرێت و YÖS کە بە جیا لەلایەن هەر زانکۆیەکەوە بەڕێوەدەچێت، کۆتایی پێدەهێنرێت. تاقیکردنەوەکە بە زمانەکانی تورکی، ئەڵمانی، عەرەبی، فەرەنسی، ئینگلیزی و ڕووسی ئەنجام دەدرێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە، ئەگەر تۆ بیانی بیت و لە تورکیا دەستت بەخوێندنکردبێت، پێویستە دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی TR-YÖS وەربگریت بۆ بەردەوامبوون لە زانکۆ. 

 

ئەو خوێندکارە بیانییانەی کە لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ بۆ یەکەمجار ناویان لە خوێندنی ناوەندی (واتە ئامادەیی) لە تورکیا تۆمار دەکەن، تەنها بە تاقیکردنەوەی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا (YKS) دەتوانن بچنە زانکۆکان، واتە ناتوانن بە TR-YÖS بچیتە ژوورەوە. 

 

جگە لەوەش، زانکۆکان ئیختیاری خۆیان هەیە داوای بەڵگەنامەی زیادە بکەن کە پەیوەندییان بە خوێندنی پێشووی داواکارەوە هەیە. بەپێی زمانی فێرکردن لە زانکۆ و لە بەشەکەدا، دەکرێت داوا لە پێشکەشکاران بکرێت کە توانای زمانی خۆیان سەبارەت بە بەشەکە نیشان بدەن. جگە لەوەش، ڕەنگە بەڵگەنامەگەلێک پێویستبن کە توانای زمانی تورکی نیشان بدەن. بۆیە پێشنیار دەکەین کە بۆ زانیاری ورد لەسەر پێداویستییەکان و بۆ ڕاگەیاندنەکان ڕاوێژ بە بەشەکانی خوێندکارانی بیانی یان ماڵپەڕەکانی زانکۆ بکەن. 

 

هیچ مەرجێک نییە بۆ ئەوەی داواکاریی پاراستنی نێودەوڵەتی خۆت بکێشیتەوە بۆ بەردەوامبوون لە خوێندنی باڵا لە تورکیا. ئەگەر ئەو زانکۆیەی کە لێی وەرگیراویت بکەوێتە پارێزگایەکی تر جگە لەو شارەی تۆمارکراوی لێی، پێویستە بە پەیوەندیکردن بە بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبردنی کۆچبەری پارێزگاکە داوای گۆڕانکاری لە شاری تۆمارکردنەکەت بکەیت. 

 

دەتوانن سەردانی https://www.studyinturkey.gov.tr  بکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ زانکۆکان و بەشەکان و هەلی خوێندنی بەردەست و پێوەرەکانی وەرگرتنی زانکۆکان و بەرواری تاقیکردنەوەکان.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، پێوەرەکانی وەرگرتنی خوێندکارانی بیانی و کۆتایی زانکۆ دووبارە دیاری کراوەتەوە، کە هەموو ساڵێک لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی خوێندنی باڵا بڵاو دەکرێنەوە.

(https://www.yok.gov.tr/ogrenci/kendi-imkaniyla-egitim-alanlar-yurt-disinda-lise-egitimi-alanlar)

داواکارانی پاراستنی نێودەوڵەتی یان سودمەندان دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن لە پرۆگرامەکانی خوێندنی دووری زانکۆکان ئەگەر هەندێک مەرجیان هەبێت. هەرچەند زمانی فێرکاری بۆ زۆربەی ئەو پرۆگرام و کۆرسانە تورکییە، بەڵام پرۆگرامیش هەیە کە زمانی فێرکردن زمانێکی ترە جگە لە تورکی. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر پرۆگرامەکانی خوێندنی دوور، و دەربارەی مەرج و ڕێکارەکانی ناو تۆمارکردن، تکایە سەردانی ماڵپەڕی زانکۆکان بکەن.

کۆمەڵێک هاوکاری دارای بەردەستە بۆ خوێندکاران. سەرۆکایەتی بۆ تورکەکانی دەرەوەی وڵات و کۆمەڵگا پەیوەندیدارەکان پرۆگرامی هاوکاری دارای جۆراوجۆر بۆ خوێندکارانی بیانی لەنێویاندا خوێندکارانی ژێر پاراستنی نێودەوڵەتی دابین دەکات. بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ڕێکارەکانی پێشکەشکردن و ناوەڕۆکی ئەم پرۆگرامانەی هاوکاری دارای، دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی فەرمی “Türkiye Scholarships” بکەن لە www.turkiyeburslari.gov.tr

 

جگە لە “Türkiye Scholarships”، ئەو بیانیانەی مافی مانەوەی یاساییان لە تورکیا هەیە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ “بەڕێوبەرایەتی گشتی بناغەکان بۆ هاوکاری دارای خوێندنی باڵا”. لە چوارچێوەی ئەم پرۆگرامەی هاوکاری داراییدا، خوێندکاران بە پشتبەستن بە سەرکەوتنی خوێندن هەڵدەسەنگێندرێن و ساڵانە دەرماڵەی مانگانە بۆ وەرزی ٨ مانگیان بۆ دابین دەکرێت. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم ماڵپەڕە بکەن. 

 

هەروەها دەتوانیت پەیوەندی بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە بکەیت بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە دەرفەتەکانی تری هاوکاری دارای.

هەموو منداڵان و گەنجان و گەورەساڵان کە ئارەزووی فێربوونی زمانی تورکی دەکەن پێویستە پەیوەندی بە ناوەندەکانی پەروەردەی گشتی بکەن. ئەم سەنتەرانە خولی بێبەرامبەر پێشکەش دەکەن. پێویستە بەڵگەنامەی ناسنامەی داواکاری پاراستنی نێودەوڵەتی یان سودمەندەکەت پێشکەش بکەیت بۆ ئەوەی ناوت تۆمار بکەیت. 

 

سەرەڕای ئەوەش، چەندین ڕێکخراوی مەدەنی کۆرسی زمانی تورکی بەخۆڕایی بە سەرپەرشتی وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانی بەڕێوەدەبەن. هەروەها دەتوانیت ئەم کۆرسانە بخوێنیت.

دەتوانیت پەیوەندی بە ناوەندەکانی پەروەردەی گشتی بکەیت بۆ وەرگرتنی ڕاهێنانی پیشەیی. ئەم خولانە بەخۆڕایی پێشکەش دەکرێن. بەڵام تکایە ئاگاداربن کە هەر ناوەندێکی پەروەردەی گشتی ساڵانە پێشکەشکردنی خولەکان دیاری دەکات و لەوانەیە خولی نوێ لەسەر داواکاری بکاتەوە. بۆیە پێشنیار دەکەین کە پەیوەندی بە ناوەندەکانی پەروەردەی گشتیەوە بکەن بۆ پرسیارکردن لەبارەی خولەکانی بەردەست. هەروەها تکایە ئاگاداربن کە پێویستە بەڵگەنامەی ناسنامەی داواکاری پاراستنی نێودەوڵەتی یان سودمەندەکەت پێشکەش بکەیت پێش ئەوەی بتوانیت ناوت تۆمار بکەیت لەم خولانە. 

 

هەروەها دەزگای دامەزراندنی تورکیا (İŞKUR) چەندین خولی پیشەیی بەڕێوە دەبات. دەتوانن سەردانی نووسینگەکانی دەزگای دامەزراندن لە تورکیا بکەن بۆ پرسیارکردن دەربارەی بەردەستبوونی خولەکان. لە کۆتاییدا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەن کە ڕاهێنانی کارامەیی و خولیا و 

خولی پیشەیی بەخۆڕایی لە ژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانیدا پێشکەش دەکەن.

ئێمە کووکی بەکار دەهێنیت بۆ باشترکردنی گەیاندنی خزمەت و زانیاری لەم ماڵپەڕە. تۆ بەبەکارهێنانی ماڵپەڕەکەمان ئەمە قەبووڵ دەکەیت. بۆ وەدەستخستنی زانیاری زیاتر مەرجەکانی بەکارهێنان و ڕێبازی نهێنپارێزی ئێمە بخوێنەوە.